ناساندن

خوێندن وەک فراوانترین ناوەندی فێربوون، پرۆژەیەکی پاڵپشتکاری قوتابیانە لە سەرجەم قۆناغە جیاوازەکان بە مەبەستی ئاشناکردن و بەردەستخستنی قوتابیان، مامۆستایان و دایک و باوکان بە خزمەتگوزارییە پەروەردەیی و سەرچاوە ئەکادیمی و زانستییەکان لەپێناو فەراهەمکردنی دۆخێکی درووست کە قوتابیان بەردەوام تیایدا گەشە بکەن و توانا و لێهاتووییەکانیان پەرە پێ بدەن. ئەم پڕۆژەیە لە ڕواڵەتدا بەشێوەی ئۆنڵاین لە ماڵپەڕێکدا کۆکراوەتەوە بەڵام بەشێوەی ڕووبەروو لە شاری هەولێر ئۆفیسی سەرەکی خۆی هەیە و تیمێکی باڵای ئەکادیمی و تەکنیکی بەردەوام کاری لەسەر دەکەن بەمەبەستی فراوانتر کردن و پاراستن و گەشەپێدانی.

دید

پرۆژەی (خوێندن) تێدەکۆشێت بۆ سازاندنی کەشێکی درووستی خوێندن کە قوتابیان لەڕێگەیەوە ببنە نموونەی باڵا لە سەرجەم ناوەندە فێرکارییەکان و دایک و باوکانیش بە پەرۆشەوە بیکەن بە وێستگەی گەیشتن بە سەرکەوتنە ئەکادیمی و پەرەپێدانی کارامەیی و دەروونییەکان بۆ ڕۆڵەکانیان.

ئامانج

پلاتفۆرمی (خوێندن) ئامانجییەتی کە کوردستان لەسەر دەستی بەهرەمەندانی نیشتیمان پەرەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و تاکی بەرهەمدار پێشکەشی کۆمەڵگە بکات. ئێمە هەوڵدەدەین بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان فێربوونی نەریتی پۆل و ئەو سەرچاوە فراوانانەی کە بە شێوەی ئۆنلاین بەردەستن، بەهێزکردنی قوتابیان بۆ گەیشتن بە توانا تەواوەکانیان و بەشدارییەکی مانادار لە گەشەپێدانی وڵاتەکەیاندا.

ئەرک و بەرپرسیارێتی:

١- ئامادەکردن و کۆکردنەوەی بیرۆکەی نوێ بۆ ژینگەی خوێندنی ناوەندە فێرکارییەکان کە قوتابی چالاک بکات و خولیای بەشداریکردنی لەلا زیاتر بێت.

٢- دیجیتاڵ پلاتفۆرمێکی پاڵپشتکاری دامەزراوەیی بە ڕاوێژ لەگەڵ خەمخۆرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا تێدەکۆشێت تا لێهاتوویی فێری قوتابیانی گشت ناوەندە فێرکارییەکان بکات لە گشت قۆناغەکان بەگوێرەی تایبەتمەندێتییەکانیان. چونکە لەئێستادا بازاڕی کار پێویستی زیاتر بە لێهاتووییەکانە skills نەک تەنها بڕوانامەیەکی سادەی ئەکادیمی Academic degree. پلاتفۆرمی (خوێندن) لەڕێگەی خولەکانی شیاندن و پەرەپێدان، سەرجەم لێهاتووییەکانی پێویست بە بازاڕی کار و بونیاد نانی کەسایەتی کاریگەری بەرهەمدار بۆ قوتابیان دەستەبەردەکات لە سەرجەم قۆناغەکانی پڕۆسەی خوێندن.

٣- ناساندن و درووستکردنی قوتابیانی بەهرەمەند. کە لەڕێگەیانەوە ڕۆڵی ناوەندە فێرکارییەکانی قوتابخانە حکومییەکان و ناحکومییەکان بەرز دەربخرێت کە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا توانیویانە کۆمەڵێک قوتابی و دەرچووی لەمشێوەیە پێشکەشی کۆمەڵگە بکەن و لە کایەکانی تری ژیان دا بتوانن سەرەڕای خزمەتی مرۆیی، داهێنانی زانستی بئافرێنن.

٤- ڕێبەرێکی باوەڕپێکراو دەبین لە ناساندنی قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن بۆ قوتابیان. (بنەڕەتی بۆ ئامادەیی و دەستنیشان کردنی بەشەکانیان بەگوێرەی توانا شاراوەکانیان و دواتر لە قۆناغی ئامادەیی بۆ زانکۆ بەپێی پسپۆڕی نەک تەنها نمرە ببێتە پێوەر، لە زانکۆکانیش ڕێبەریان دەبین تا کاری شایستە بەخۆیان دابمەزرێنن یاخود ببنە بەشێکی کارا لە کۆمپانیا و دامەزراوەکان.)

٥- کردنەوەی خول و وۆرکشۆپ بۆ مامۆستایانی قوتابخانە حکومی و ناحکومیەکان بەمەبەستی بەرزکردنەوەی لێهاتوویەکانیان لە وانەوتنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی پۆلدا.